ئەلحەییە: دونیا لەبەرامبەر خۆڕاگری و بەرخۆدانی غەززەدا تووشی شۆک بوو

خەلیل ئەلحەییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، هەواڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند.
بە پێی هەواڵێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، خەلیل ئەلحەییە لە وتارێکیدا، ڕێزی لە خۆڕاگریی خەڵکی غەززە، ئازایەتی تێکۆشەرانی بەرخۆدان و ڕۆڵی نێوەندگیرەکان گرت.
ئەلحەییە لە سەرەتای وتارەکەیدا ڕایگەیاند کە جیهان لەبەرامبەر قوربانیدان، خۆڕاگری و ئارامگریی خەڵکی کەرتی غەززەدا تووشی سەرسوڕمان و شۆک بووە. هەروەها وتی، "خەڵکی غەززە جەنگێکی بێوێنەیان لە جیهاندا ئەزموون کرد و لەبەرامبەر سەرکوت کاریی دوژمن، ستەمی سوپا و تاوانەکانی وەستانەوە." ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئازارەکانی خەڵکی غەززە وتی، "دانیشتووانی غەززە وەک چیاکان وەستان و لەبەرامبەر کوشتار، ئاوارەبوون، برسێتی، لەدەستدانی ئازیزان و ماڵەکانیاندا، ئیرادەیان سست نەبوو."
ئەلحەییە لە درێژەدا، لەگەڵ بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەڕە شکۆدارەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر، ڕێزی لە شەهیدانی سەرکردە و فەرماندەکانی دەستپێکەری ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"، ئیسماعیل هەنیە، ساڵح عاروری، یەحیا سینوار و محەمەد زەیف گرت.
ناوبراو ستایشی قارەمانێتیی پیاوانی بەرخۆدانی کرد کە لە خاڵی سفرەوە جەنگان و وەک کێوێکی دامەزراو لەبەرامبەر تانکەکانی داگیرکەران وەستانەوە، و جەختی کردەوە کە پاڵەوانانی بەرخۆدان، تەواوی نەخشەکانی دوژمنیان بۆ ئاوارەکردن، برسی کردن و دروستکردنی ئاژاوە تووشی شکست کرد.
ئەم سەرکردەیەی حەماس ڕووی قسەی لە تێکۆشەرانی بەرخۆدان کرد و وتی، "هەر وەک چۆن ئێوە لە گۆڕەپانی شەڕدا پیاوانە جەنگان، ئێمەش لەپشتی مێزی دانوستان پیاوانە هەڵسوکەوتمان کرد."
ئەو زیادی کرد کە دوژمن چەندین جار خۆی دزییەوە، تاوانی یەک لەدوای یەکی ئەنجام دا و هەوڵەکانی نێوەندگیرەکانی چەندین جار تووشی شکست کرد. ئەلحەییە جەختی کردەوە کە سەرەڕای پەیمانشکێنییە بەردەوامەکانی دوژمن، حەماس درێژەی بە دانوستانەکان دا و هەموو هەوڵێکی خۆی خستە گەڕ بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان.
خەلیل ئەلحەییە ئاماژەی بەوەش کرد کە حەماس بە هەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵ پلانی سەرۆکی ئەمریکا کردووە و وەڵامێکی پێشکەش کردووە کە بەرژەوەندییەکانی گەلی فەلەستین دابین بکات و خوێنیان بپارێزێت. پاشان بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، "ئێمە گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستدرێژی دژی گەلەکەمان و دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستی هەمیشەیی."
ئەلحەییە زیادی کرد کە ئەم ڕێککەوتنە هاتنەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان، کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح و ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەخۆدەگرێت. ئەلحەییە وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئاڵوگۆڕی دیلەکانەوە خستە ڕوو و وتی، "٢٥٠ کەس لە دیلە پاڵەوانەکان کە سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە و ١٧٠٠ کەس لە دیلەکانی کەرتی غەززە ئازاد دەکرێن." ئەو جەختی کردەوە کە حەماس گەرەنتیی پێویستی لە نێوەندگیرەکان و حکومەتی ئەمریکا وەرگرتووە و هەمووان جەختیان لەسەر کۆتاییهاتنی تەواوەتی جەنگ کردووەتەوە.
خەلیل ئەلحەییە هەروەها ڕوونی کردەوە کە حەماس درێژە بە هاوکاری لەگەڵ سەرجەم هێزە نیشتمانی و ئیسلامییەکان دەدات بۆ تەواوکردنی هەنگاوە ماوەکان. ئەو "بە قووڵی" سوپاس و پێزانینی ئاراستەی نێوەندگیران لە میسر، قەتەر و تورکیا کرد و هەروەها "زۆر سوپاسگوزاریی" خۆی بۆ وڵاتانی وەک یەمەن، لوبنان، عێراق و ئێران دەربڕی کە لە خوێن و شەڕدا هاوبەش بوون.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
وەزارەتی دەرەوەی ئەندەنوسیا ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری چالاکانە لە ئاوەدانکردنەوەی غەززە لەدوای ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند.
ژمارەی دانیشتوانی تایوان بۆ مانگی ٢١ گەشەی نەرێنی تۆمارکرد.
لەگەڵ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، هەزاران کەس لە ئاوارە فەلەستینییەکان کە بۆ ماوەی چەندین مانگ بوو بۆ ناوچەکانی باشوور گواسترابوونەوە، دەستیان بە گەڕانەوە کرد بۆ ماڵەکانیان لە شاری غەززە و ناوچەکانی باکوور.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی فەلەستین لە کەرتی غەززە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە هێزەکانی پۆلیس لە ئەمڕۆوە لە هەموو ئەو ناوچانەی سوپای داگیرکەری سەهیۆنی لێی کشانەوەتەوە، جێگیر دەبن بۆ ئەوەی ئەرکەکانی خۆیان لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان، پاراستنیان و پارێزگاریکردن لە ئاسایش و موڵکی گشتی و تایبەت ئەنجام بدەن.